"ئاخۆران باخۆرانێکه سه‌گ خاوه‌نی خۆی ناناسێت"
نووسین و وه‌رگێڕانی محه‌ممه‌ئه‌مین ڕه‌ستگار
به که‌ڵکوه‌رگرتن له وه‌رگێڕانه فارسییه‌که‌ی ده‌ستپێکی په‌ڕتووکی (ئانارشیزم؛ سیاسه‌تی شاعیرانه)ـی (هێربێرت ڕید)ـه‌وه که (حه‌سه‌نی چاوه‌شیان) له زمانی ئینگلیزییه‌وه وه‌ری گێڕاوه‌ته‌وه.
تێبینی؛ ڕاسته وشه‌گه‌لی (ئانارشی) و (ئانارشیست) و (ئانارشیزم) زیاتر واتای خراپی لێ ده‌که‌وێته‌وه به‌ڵام کاتی خۆی بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی چه‌مکێکی جوان به کار هاتووه. پێشتر به که‌سانێک ده‌یانگوت (ئانارشیست)، که بڕوایان به میر و حکوومه‌ت نه‌بوو چونکه پێێان وابوو که سه‌رچاوه‌ی گشت چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی مرۆڤ حکوومه‌ته به‌ڵام له ڕه‌وتی مێژوودا ورده‌ورده واتا و ڕاستێنه‌ی وشه‌ی (ئانارشیست) گۆڕا و دواتر به که‌سانێک ده‌گوترا (ئانارشیست) که به مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی به‌رنامه و مه‌رامی خۆیان ئاژاوه‌یان ده‌نایه‌وه و گێڕه‌شوێنییان ده‌کرد؛ پوخت و کورت واته ئاژاوه‌چی. (ڕاستێنه؛ واتای وشه‌ی "میسداق"ـی زمانی فارسی ده‌دات؛ ته‌عبیر)
زۆربه‌ی خه‌ڵکی ڕۆژاوا به بیستنی وشه‌ی (ئانارشی) یاخود (ئاژاوه) ده‌په‌شۆکێن و مووچرکێیه‌کی سارد به له‌شیاندا دێت؛ وشه‌ی (ئانارشی)، نیشانده‌ری پشێوی و توندوتیژی و ناسه‌قامگیرییه. بێ هۆ نییه که له‌م شتانه ده‌ترسێین چونکه ده‌مێک ساڵه که له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژێین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه نه‌بێ که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی (ئانارشی)ـئاسای ڕاسته‌قینه‌مان هه‌بووبێت چونکه کوا ئێمه هه‌رگیز به بێ حکوومه‌ت ژیاوین که‌چی حکوومه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی ئانارشیدا دوای بڕاوه‌ته‌وه وخه‌ڵک ژینی خۆیان له ئاسایش و ئاشتیدا ڕا ده‌بورێنن، به‌ڵام کوا که‌سمان تا ئێستا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی له‌و چه‌شنه‌مان بینیوه؛ هه‌یهوو ته‌نانه‌ت پێمان وایه گه‌ر حکوومه‌ت نه‌بێت دنیا ده‌ڕووخێت و به بێ حکوومه‌ت ڕۆژگارێک دا دێت که ئاژاوه به‌رۆکی هه‌موومان ده‌گرێت که‌چی به چاوی خۆمان پشێوی و توندوتیژی و ناسه‌قامگیری و گێڕه‌شێوێنیمان له ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا بینیوه که زۆر له (ئانارشی) واته (ئاژاوه) ده‌ترسێن واته (حکوومه‌تـگه‌لی نیشتمانی)ـی به‌هێز و باوی ڕۆژگاری خۆمان.
مرۆڤ له‌وه‌تی هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی مرۆڤی ڕۆژگاری خۆمان چه‌رمه‌سه‌ری و ئاژاوه‌ی نه‌بینیوه. په‌نجا ملیۆن که‌س له شه‌ڕی جیهانگیری دووه‌مدا کوژران؛ فره‌تر له یه‌ک ملیۆن که‌س له کۆریا، یه‌ک ملیۆن که‌س له ڤێتنام، پێنجسه‌د هه‌زار که‌س له ئه‌نده‌نووسیا و سه‌دان هه‌زار که‌سیش له نایجیریا و مۆزه‌مبیقدا گیانیان سپاردووه. بڕیار بوو پاش دامرکانه‌وه‌ی شه‌ڕی جیهانگیری دووه‌م، گوایه توخمی شه‌ڕ بنه‌بڕ بکرێت که‌چی له‌و کاته‌وه تا ئێستا سه‌د کێشه‌ی سیاسیی گرژ و خوێناوی هه‌ڵگیرساوه‌ته‌وه. هه‌ژاری و برسییه‌تی ژینی ملیۆنان که‌سی تاڵ کردووه، هه‌زاران هه‌زار که‌س به‌ند کراون و هه‌زاران هه‌زاریش یان شێت بووگن یان ئه‌وه‌تا له قوژبونی ئاسایشتگه‌یه‌کی ڕه‌وانیدا که‌وتوون. مرۆڤ ئه‌وه‌نده خراپی لێ قه‌وماوه که به ئێجگاری سه‌ری لێ شێواوه و به‌زه‌یی به خۆیدا نایه‌ته‌وه و به‌دبه‌ختی چوار ده‌وره‌ی ته‌نیوه؛ وا ده‌زانێت به کۆکردنه‌وه‌ی له‌شکر و سوپای گه‌وره‌گه‌وره و زه‌به‌ند و که‌ڵه‌که‌کردنی ده‌یان جۆر گازی کیمیایی و بۆمبی هایدرۆجینی و ناوه‌کی ئۆقره ده‌گرێت و دڵی سوکنایی دێت که‌چی نازانێت به‌م کارانه زیاتر له جاران باری ژینی ڕۆژانه‌ی تێک ده‌چێت و فره‌تر له ئه‌و سا نغرۆی ئاکاری پیس و ئاڵۆزی خۆی ده‌بێت. گه‌ر که‌سێک به گه‌نج و پیره‌وه تۆزقاڵێک سه‌رنجی دنیای پڕئاژاوه‌ی خۆمان بدات سه‌ری سووڕ ده‌مێنێت که ئاخۆ چۆن تا ئێستا مرۆڤ به یه‌کجاری دوای نه‌بڕاوه‌ته‌وه و نه‌فه‌وتاوه؟
ئانارشیسته‌کان ده‌یانه‌وێت، [گه‌ر پێیان بکرێت]، هه‌ر هیچ نه‌بێت که‌مێک کاروباری دنیا ڕێک بخه‌نه‌وه و مرۆڤ له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای دنیا ڕزگار بکه‌ن. ئێمه هه‌رگیز به جوانی گوێمان بۆ ئانارشیسته‌کان شل نه‌کردووه و گه‌ر شتێکیشمان بیستبێت ئه‌وا ئاژاوه‌دۆستانی ڕاسته‌قینه واته ڕێبه‌رانی حکوومه‌تگه‌لی نیشتمانی به سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیستییه‌وه، وه‌به‌ر گوێیان داوین.
ئه‌و (سه‌قامگیری)ـیه که که حکوومه‌تگه‌لی نیشتمانی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن و ئه‌ڵمانیاییه‌کان پێێ ده‌ڵێن ordnung و ئه‌مه‌ریکاییه‌کان به "ته‌کووز و یاسا" ناوی لێ ده‌به‌ن زۆر له‌و (سه‌قامگیری)ـیه جیاوازه که ئانارشییه‌کان ده‌یانه‌وێت. ئانارشیسته‌کان ده‌یانه‌وێت خودی خه‌ڵک به پێی پێویست، په‌یوه‌ندیی نێوان خۆیان ڕێک بخه‌ن؛ ته‌کووزێکی ئاوه‌ها له ناخی مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌ڵ ده‌قوڵێ هه‌ر بۆیه شتێکی سرووشتییه؛ [واته]، خه‌ڵک نه‌ک به زۆر و نابه‌دڵی به‌ڵکوو به ویستی خۆیان ڕه‌چاوی کۆمه‌ڵێ یاسا و ڕێسای ساده و ساکار ده‌که‌ن، هه‌ر وه‌ک چۆن هونه‌رمه‌ندێکی دڵسۆز قوڕێکی کاڵ و نه‌پوڕ ده‌شێلێت و ته‌شک و سیمایه‌کی نوێ و جیاوازی پێ ده‌به‌خشێت ؛ ته‌شک و سیمایه‌کی ڕێک و سه‌رنجڕاکێش که هه‌ندێ جاریش جوان ده‌ر ده‌چێت و وه‌ک هه‌ر کارێکی خۆبه‌خشانه که بیر و باوه‌ڕ ده‌یبزوێنێت، پڕخه‌یر و به پیته که‌واته هیچ سه‌یر نییه که (هێربێرت ڕید)ـی هۆنه‌ر و شاره‌زای فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر، کابرایه‌کی ئانارشیست بێت. (هۆنه‌ر؛ که‌سێ که هۆنراوه ده‌هۆنێته‌وه؛ شاعیر)
سه‌قامگیری و ته‌کووزی ئێستای دنیا، ته‌کووزێکی سه‌پاوه؛ نه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک داوایان کردبێت و نه ئه‌وه‌یه که به که‌ڵکیان بێت و ده‌ردێکیان لێ ده‌وا بکات؛ به واتایه‌کیتر ته‌کووزی سه‌پێندراوی زۆره‌ملێ خۆی له خۆیدا سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه و پشێوییه. سیاسه‌ت دێوزمه‌یه و باڵی به سه‌ردا کێشاوین. په‌رده‌ی چڵکن و ناشیرینی سیاسه‌ت لێ ناگه‌ڕێت جوانی پرشنگ بداته‌وه. سیاسه‌ت هه‌رامه‌یه‌کی سه‌پاوی نه‌خوازراوه. ژاوه‌ژاوی سیاسه‌ت، خه‌ریکه گوێمان که‌ڕ ده‌کات که‌چی ئه‌وانه‌ی به‌زمی سیاسه‌تیان ناوه‌ته‌وه له چه‌شنی ئاهه‌نگ و مۆسیقایه‌کی دڵڕفێن چێژی لێ وه‌ر ده‌گرن. (شێوازی) ژینی سه‌رده‌م ده‌نگه‌ده‌نگێکی وه‌های خولقاندووه که لێ ناگه‌ڕێت ده‌نگی نه‌رم و نیانی سرووشت به‌ر گوێمان که‌وێت و بیژنه‌فین. (ژنه‌فتن؛ بیستن)
ژیاری ڕۆژاوا سه‌ری هه‌ڵدا؛ ده‌سه‌ڵاتی هۆز و خێڵ نه‌ما و حکوومه‌تگه‌لی نیشتمانی دامه‌زران و ده‌سه‌ڵاتیان په‌یدا کرد؛ حکوومه‌تی په‌رله‌مانی جێی مافی به حیساب خواپێداوی پاشایانی گرته‌وه؛ هۆژان و زانست، باربه‌ژن و ته‌لیسمی نه‌زانی و جادووپه‌رستی و ساوێریان شکاند؛ وزه‌ی هه‌ڵم و کاره‌با جێی هێزی ده‌ستی گرته‌وه؛ ڕه‌وتی دادگه و یاسا جێی بڕیاری تاکه‌که‌سی و شێتسه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی گرته‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که دایبوون به جێیان بهێنێت، هه‌ر بۆیه ئانارشیسته‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا.
نیشتمانپه‌روه‌ران که دروشمی وه‌ده‌رنانی بێگانه و بنکۆڵکردنی ئاژاوه‌ی ناوخۆیی و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵاتیان هه‌ڵگرتبوو نه‌ک هه‌ر له گۆڕی زلهێزان نه‌هاتن بگره ده‌رفه‌تی وه‌هایان بۆ ڕه‌خساندن که زۆر فره‌تر له جاران په‌لاماری وڵاتانی دنیا بده‌ن و بۆ دابه‌شکردنی میرات و هشته‌ی خه‌ڵکی بنده‌سته و به‌سته‌زمان، شاخ له شاخی یه‌ک بنێن و شه‌ڕ به یه‌کتر بفرۆشن و که‌لاکی وڵاتانی هه‌ژار هه‌ڵدڕێنن.
پاشاکان ده‌سه‌ڵاتیان نه‌ما و داروده‌سته‌گه‌لی سیاسی ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه گرت و نوێنه‌رانی ئه‌نجوومه‌نگه‌لی نیشتمانی هه‌ڵبژێردران و گه‌له‌ڕاوێژیان به خه‌ڵک ده‌کرد به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو که ئانارشیسته‌کان زانییان که ئه‌م به‌زم و ڕه‌زمانه خه‌ونه‌کانی دیمۆکراسی به دی ناهێنێت؛ گه‌ر پاشاکان به رۆژی ڕووناک خه‌ڵکیان ده‌دۆشی ئه‌وا داروده‌سته‌گه‌لی سیاسی، گورگئاسا و له پێستی مه‌ڕدا چاوی ته‌ماحیان له خه‌ڵک بڕیوه و فرسه‌تیان لێ دێنن؛ شۆڕش ڕه‌نگه که ئازادی و سه‌ربه‌ستی ده‌سته‌به‌ر بکات له‌وانه‌یشه له ڕێگه‌ی ڕاستی خۆی بترازێت و سه‌ری خه‌ڵک بخوات و ته‌نانه‌ت تامی ده‌سه‌ڵات شۆڕشگێڕان له خشته بباته‌وه و شۆڕشگێڕان به جلوبه‌رگی شۆڕشگێڕانه و به ناوی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی شۆڕشه‌وه خه‌ڵک سه‌رکوت و مافه‌کانیان پێشێل بکه‌ن؛ قه‌شه‌یه‌کی گوندنشینی (ژاک ڕوو)ـناو، بیری له‌م شتانه ده‌کرده‌وه هه‌ر بۆیه له سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا واته له ساڵی 1792ـی زایینی‌دا باسی (ئه‌ندام په‌رله‌مانگه‌لی لووتبه‌رز و پاوانخواز)ـی ده‌کرد و ده‌یگوت که [ئه‌نجوومه‌نگه‌لێكی پاوانخواز و به حیساب نیشتمانی] ڕێک به قه‌ده‌ر پاشایانی دێوئاسا چه‌وسێنه‌رن. چونکه به په‌سندکردنی کۆمه‌ڵێ یاسا و ڕێسا و چه‌سپاندنیانه‌وه وه‌ها چوار مێخه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار ده‌کێشن که هه‌ر ئاگایشیان لێ نییه. له شانۆی (ساد و مارا)ـی (پیته‌ر وایس)ـدا کاکه (ڕوو)ـی باڵبه‌ستکراو له پڕێکدا زمانی ده‌کاته‌وه و پێش ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه به‌ر ببنه گیانی و زمانی بشکێنن به ده‌م هاواره‌وه ده‌ڵێت؛
کێ بازاڕی قۆرخ کردووه و هه‌ڵی ده‌سووڕێنێت؟
کێ کلیلی ئه‌نبارگه‌لی خه‌له و خه‌رمان و دانه‌وێڵه‌ی شاردووه‌ته‌وه؟
کێن ئه‌و که‌سانه‌ی کۆشکه‌کان به تاڵان ده‌به‌ن؟
کوا ئه‌و پارچه زه‌وینانه که بڕیار بوو له نێوان هه‌ژاراندا دابه‌ش بکرێت؟
کێ هه‌ڵیانی لووشی و داوڕ و تاپۆی کردن؟
(ژان وارله)ـی هاوڕێی (ڕوو) له یه‌کێک له به‌یاننامه ئانارشیئاساکانی سه‌ره‌تاکانی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا که ناوی (یاخیگه‌ری) لێ نرا بوو ئاوه‌های نووسیبوو؛
"[ڕووی شۆڕشگێڕان ڕه‌ش بێ خۆ ڕووی پاشاکانیان سپی کردووه؛ بینیت به ناوی شۆڕشه‌وه چ به‌ڵایه‌کیان تووشی خه‌ڵک کرد؛ ڕێک ده‌ڵێی کوڕی ماکیاولیین؛ هه‌ر چۆنێک لێکی بده‌ینه‌وه شۆڕش و ده‌سه‌ڵات یه‌ک ناگرنه‌وه؛ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک کۆمه‌ڵێ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدار دا بمه‌زرێنن که به‌رده‌وام خۆی چاوه‌دێری خۆی بکات و هه‌ڵه‌کانی خۆی ڕاست بکاته‌وه که قسه‌یه‌کی تا بڵێی سه‌یر و هه‌ژه‌نده و هه‌رگیزاوهه‌رگیز سه‌ر ناگرێت."
به‌ڵام ئانارشیسته‌کان ڕێک ئه‌وداڵی ئه‌و بیر و باوه‌ڕه "سه‌یر و هه‌ژه‌ند"ه‌ن و بڕوایان پێی هه‌یه چونکه ته‌نیا مه‌گه‌ر باوه‌ڕێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ئاوه‌ها ئه‌وه‌نده شۆڕشگێڕانه بێت که بتوانێت کێشه و گرفته‌کانی خودی شۆڕشیش ببینێت و [بوێرێت باسیان بکات و ڕاستیان بکاته‌وه.] (هێربێرت ڕید) پێنج ساڵ پێش مه‌رگی له ته‌مه‌نی 70 ساڵانیدا له کتێبی (فه‌رهه‌نگی چی، خوا بیبڕێته‌وه)ـی خۆیدا نووسیویه‌تی؛
"ئه‌وه‌ی که له مێژوی مرۆڤدا نرخێکی هه‌بووبێت له ده‌سکه‌وته به‌نرخه‌کانی فیزیا و فه‌له‌کناسیینه‌وه بگره هه‌تا په‌ره‌پێدانی زانستی جوگرافیا و چاره‌کردنی نه‌خۆشینه‌کان و داهێنانی فه‌لسه‌فه و هونه‌ره‌وه هه‌ر هه‌موویان کاری توندڕۆیان بووگه؛ واته ئه‌و که‌سانه‌ی که بیروباوه‌ڕی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان هه‌بووه و سنووره‌کانی "نابێ و نالوێ"ـی سه‌رده‌می خۆیانیان شکاندووه و بڕیویانه."
شۆڕشی ڕووسیا ته‌نانه‌ت مژده‌ی زیاتر له‌وانه‌یشی ده‌دا و شۆڕشگێڕانی ڕووسی ده‌یانه‌ویست گوایه تێکڕای گه‌لانی دنیا له ده‌ست ئه‌و نادادپه‌روه‌ری و بێداد و چه‌وساندنه‌وه‌یه ڕزگار بکه‌ن که شۆڕشه‌کانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مه‌ریکا به سه‌ر خه‌ڵکیدا هێنابوویان به‌ڵام ئه‌وانیش نه‌یانتوانی و چۆکیان دادا؛ (ئما گۆڵدمه‌ن) له کتێبی (ڕاپه‌ڕینی ڕووسه‌کان)ـدا له‌باره‌ی هۆکاره‌کانی ترۆقان و هه‌ره‌سهێنانی ڕووسه‌کانه‌وه ئاوه‌ها ده‌ڵێت؛
"هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی شۆڕشگێڕانی ڕووسی ئه‌وه بوو که ته‌نیا خه‌می گۆڕینی بارودۆخ و ناوه‌ندگه‌لی ده‌سه‌ڵات و [شێوازی فه‌رمانڕانی]ـیان ده‌خوارد و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان به ئێجگاری پشت گوێ خست بوو... هیچ شۆڕشێک به‌ری ئازادی ناگرێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که ئامراز و ئامانجی شۆڕش هه‌ر دووکیان یه‌ک جنسیان هه‌بێت واته به‌رنامه و بیروبۆچوونی شۆڕشگێڕان له پێش سه‌رگرتنی شۆڕش و پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشدا یه‌ک جۆر بێت و شۆڕشگێڕان خۆیان لێ نه‌گۆڕدرێت و خۆیان نه‌دۆڕێنن. شۆڕش دژ به بارودۆخی چه‌سپاوی ڕۆژگاری خۆی ڕا ده‌په‌ڕێت و دژایه‌تیی ده‌کات؛ شۆڕش کۆڵه‌که‌ی کۆیلایه‌تیی له‌ق ده‌کات؛ دڵی شۆڕشگێڕان بڕوایی نادات که کابرایه‌ک، ئاژه‌ڵئاسا له‌گه‌ڵ که‌سێکیتردا بجووڵێته‌وه؛ شۆڕش زاڵبوونی ئه‌و دۆزه‌نه زه‌به‌لاحه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه و نادادپه‌روه‌رییه ده‌شکێنێت که به یارمه‌تیی دڕنده‌خوویی و نه‌زانییه‌وه له ناو کۆمه‌ڵگه‌دا چه‌سپاوه. شۆڕش کۆمه‌ڵێ یاسا و ڕێسای نوێ ده‌چه‌سپێنێت که به‌و پێیه سه‌ر له نوێ په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان ڕێک ده‌خاته‌وه."
ئانارشیسته‌کان پێیان وایه که دۆزه‌نه‌ی سه‌رمایه‌داری دۆزه‌نه‌یه‌کی چه‌وسێنه‌ر و گێلانه و نامرۆڤانه‌یه؛ سه‌رمایه‌داری بێ‌وچان گشت شتێکی سرووشتی هه‌ڵ ده‌لووشێت و پاشان گه‌لێک شتی گوایه نوێی لێ دروست ده‌کات و به هه‌موو ئه‌قڵی خۆیه‌وه ناوی لێ ده‌نێت سه‌رکه‌وتنی سه‌رمایه‌داری؛ پاشان ده‌هۆڵ و زوڕنای خزمه‌تی مرۆڤ ده‌کوتێ جا تۆ بڵێی خزمه‌تێکی گێلانه‌تر له‌وه‌یش هه‌بێت؟! مه‌گه‌ر به هه‌ڵکه‌وت ئه‌گینا زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که دۆزه‌نه‌ی سه‌رمایه‌داری دروستی ده‌کات و دای ده‌هێنێت به هیچ کلۆجێک به که‌ڵکی خه‌ڵکی به‌سته‌زمان نایه‌ن، چونکه ڕسکێنه‌ران و فرۆشیارانی کاڵاکان له سوود و پڕکردنی گیرفانه‌کانیان نه‌بێت بیر له هیچیتر ناکه‌نه‌وه و ته‌نیا شتێ که به لایانه‌وه گرنگ نه‌بێت، پێداویستییه ڕاسته‌قینه‌کانی خه‌ڵکه؛ که‌واته خه‌می هه‌ره‌گه‌وره‌ی ئه‌وان داهێنان و دروستکردنی بۆمب و چه‌کی جوراوجۆر و خانگ و باڵه‌خانه و کۆشکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کان و بۆنی بن هه‌نگڵه جا ئه‌گه‌ر خه‌ڵک چواردیواری و که‌لاوه‌یه‌کیان نییه تێیدا بحه‌وێته‌وه یاخۆ برسییه‌تی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیون و منداڵه‌کانیان له باتی ئه‌وه‌ی له ناو دار و دره‌خت و سه‌وزه‌ڵانیدا کایه بکه‌ن به ته‌قینه‌وه‌ی مینی بن به‌ردان پارچه‌پارچه ده‌بن، چاویان ده‌ر ده‌هات؛ ئه‌وه که‌ی کێشه‌ی ئه‌وانه! به لایانه‌وه زۆر له دابینکردنی خواردنی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک و خانوویه‌کی خێزانی و سه‌یرانگه‌وه، گرنگتره؛ خۆتان و خوای خۆتان وشه‌ی ئانارشی و (بێسه‌روبه‌ری) و به‌ره‌ڵایی و پشێوی پڕ به پێستی شێوازی دڕنده و نامرۆڤانه و به‌رچاوته‌نگ و تێرنه‌خۆر و ئیسرافکار و ئاژه‌ڵئاسای ئه‌مه‌ریکایه، [یاخود ئانارشیخوازانی هه‌ژار؟]
ئانارشیسته‌کان ده‌ڵێن، به‌رهه‌مه‌کانی زه‌وی به بێ جیاوازی له‌مه‌ڕ هه‌مووانه و ده‌بێ به پێی پێویست له نێوانیاندا دابه‌ش بکرێت نه‌ک له ڕێی کڕین و فرۆشتن و به پێودانگی به‌ڕک و پاره‌وه که وای کردووه که کۆمه‌ڵێ ده‌وڵه‌مه‌ندی دانیشتووی چه‌ند وڵاتێک بتوانن به‌شی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هه‌ره زۆری به‌رهه‌م و سامانه‌کانی زه‌وی هه‌ڵ بلووشن؛ ته‌نیا سه‌داشه‌شی دانیشتووانی دنیا له ئه‌مه‌ریکادا ده‌ژیێن که‌چی هه‌ر ئه‌و سه‌داشه‌شه نزیکه‌ی سه‌داپه‌نجای به‌رهه‌م و سامانی دنیا ده‌خۆن. له خزمه‌تی ئه‌و ئه‌و سه‌داشه‌شه‌دا هه‌یه؛ ئانارشیخوازان له‌گه‌ڵ چیرۆکبێژی شانۆی (بازنه‌ی گه‌چینی که‌وکازی)ـی (بێرتۆڵد برێشت)ـی شانۆنووسدا هاوده‌نگن که له دیمه‌نه کۆتاییه‌کانی ئه‌م شانۆیه‌دا شانۆی ناوبراودا ئاوه‌ها ده‌ڵێت؛
گوێ بۆ ئامۆژگارییه‌کانی دانایان شل بکه‌ن؛
هه‌ر شتێک شیاوی ئه‌و که‌سه‌یه که نرخی ده‌زانێ
که‌واته منداڵان به دایکان بسپێرن به‌شکه‌م به‌خته‌وه‌ریان که‌ن
عه‌ره‌بانه به ده‌ستی عه‌ره‌بانه‌کێشه‌وه بده‌ن که باش ده‌زانێ که چۆن که‌ڵکی لێ وه‌ر بگرێ.
و ده‌شت و دۆڵانیش بۆ جووتیاران لێ گه‌ڕێن که وه‌رزی کێڵان و دوورینه‌وه ده‌ناسن.
هه‌ر بۆیه (جێرارد وینسته‌نلی) سه‌رگه‌وره‌ی جووتیارانی بریتانیا له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌می زایینی‌دا یاسای خاوه‌نداریه‌تیی پشت گوێ خست و داوای له یارانی کرد که ڕێگه‌ی بیابان بگرنه به‌ر و زه‌وینگه‌لی چۆڵی بێخاوه‌ن و باهێری بنده‌ستیان ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه. (وینسته‌نلی) ئاوه‌ها خه‌ونه‌کانی داهاتووی وێنا ده‌کرد؛
"گه‌ر بێت و ڕۆژێک دا بێت که گشت که‌سێک به ژن و پیاگه‌وه له یاسای جیهانگیر و گشتگیری یه‌کسانی تێ بگات ئه‌و کات هه‌موو که‌س به جوانی ده‌زانێت که خاوه‌نی هیچ شتێک نییه و ئیتر که‌س ناڵێت که ئه‌و شته له مه‌ڕ منه و ئه‌وی دیکه‌یان هی تۆیه به‌ڵام هه‌ر که‌س [به پێی توانای خۆی] ده‌ست به کار ده‌بێت و پارچه زه‌وینێک ده‌کێڵێت و ده‌یچێنێت و مه‌ڕوماڵاتێک به خێو ده‌کات و سامان و به‌رهه‌می زه‌وی له مه‌ڕ هه‌مووان ده‌بێت؛ هه‌ر که‌سێک پێویستی به خه‌له و خه‌رمانێ یاخود ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رێک هه‌بێت ئه‌وا هه‌ر به ده‌م ڕێگه‌وه کامه شوێن لێیه‌وه نزیک بوو ده‌توانێت پێداویستییه‌کانی خۆی هه‌ڵ بگرێت. نه بازاڕ هه‌یه و نه بێنه‌وبه‌رده‌ی کڕین و فرۆشتن؛ زه‌وین خه‌زێنه‌یه‌کی هه‌مووانی ده‌بێت چونکه زه‌وی له‌مه‌ڕ یه‌زدانه و [که‌س خاوه‌نی زه‌وی نییه.]"
پرسیار ئه‌وه‌یه که مرۆڤ چۆن ده‌توانێت له پێناو دابینکردنی پێداویستییه‌کانی خه‌ڵکدا سوود له هونه‌ر و ته‌کنه‌لۆژیای سه‌رده‌م وه‌ر بگرێت به بێ ئه‌وه‌ی دۆزه‌نه و سیسته‌می بۆرۆکراتیک پشتی بشکنێت و په‌کی کاره‌کانی بخات؟ یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی جاران سه‌لماندی که گه‌ر بێت و ئامانجی به‌رنامه ئابوورییه‌کان خزمه‌تی گشتی ببێت و سوودی تاکه‌که‌سی به لاوه بنرێت ئه‌وا خه‌ڵک به گشتی قازانج ده‌که‌ن به‌ڵام داخه‌که‌م که یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت نه‌یتوانی خۆی له شه‌ڕی بۆرۆکراسیی دام و ده‌ستگه‌ی پیشه‌سازییه گه‌وره‌کان ده‌رباز بکات؛ ڕێک ئه‌و گرێ کوێره‌ی که (هێربێرت ڕید) و ئانارشیسته‌کان پێشتر ئاماژه‌یان پێ دابوو. بۆرۆکراسی گرفتی هاوبه‌شی سه‌رمایه‌داری و کۆمه‌ڵه‌خوازی واته سۆسیالیزمه. بۆرۆکراسی، ژینی کرێکارانی [هه‌ژاری] تاڵ کردووه و له داخی بۆرۆکراسیدا به ده‌ست خۆیان و هاوکارانیانه‌وه وه‌ڕه‌زن و دڵیان به کار و به‌رهه‌می ڕه‌نجه‌شانی خۆیانه‌وه خۆش نییه و ده‌ستیان به کاردا ناچێت؛ کاکه (ڕید) ده‌یگوت ئه‌گه‌ر لێ بگه‌ڕابایه‌ین که کرێکاران خۆیان کار و پیشه‌کانیان ڕا په‌ڕێنن کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌کرا. (بۆرۆکراسی؛ میرمه‌رزێنگه‌یی، کاغه‌زبازی؛ ڕست و ڕه‌سمی مه‌رزێنگه‌یی و ئیداری/ بۆرۆکرات؛ مه‌رزینگه‌وان، که‌سێ که هۆگری دام و ده‌زگه‌ی ئیداری و مه‌رزینگه‌یی بێت، ئه‌و که‌سه‌ی که له کاروباری ئیداره و مه‌رزێنگه‌دا شاره‌زایه یاخود ئه‌و چه‌شنه کارانه ده‌کات؛ فه‌رهه‌نگی فارسی به کوردیی مامۆستا ماجد مه‌ردۆخ ڕۆحانی./ مه‌رزێنگه؛ دائیره)
(پرۆدۆ‌ن) یه‌که‌م که‌سێک بوو که ناوی ئانارشیستی له خۆی نابوو؛ ناوبراو له ناوه‌ڕاسته‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌مینی زایینی‌دا نووسیبووی؛ "سامانه‌کانی زه‌وی به تاڵان ده‌چێت." حکوومه‌تی سه‌رمایه‌داری باڵاده‌ست بێت یاخود کۆمه‌ڵه، ته‌وفیری نییه؛ هه‌ر دووکیان به تاڵان‌کردنی سامانه‌کانی زه‌وی و توانا و ڕه‌نجه‌شانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانه‌وه گیرفانه‌کانی خۆیان پڕ ده‌که‌ن. دزی و تاڵان ئه‌و تاوانه گه‌وره‌ی که هه‌ر له کۆنه‌وه به‌ختی مرۆڤی ڕه‌ش کردووه و گشت چه‌شنه کێشه‌یه‌کی بۆ ناوه‌ته‌وه؛ داگیرکاری، شه‌ڕ، مۆڵگاندن، چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان، سزادانی نه‌یارانی خاوه‌نداریه‌تی و [ئه‌وانه‌ی داوای به‌شی خۆیان ده‌که‌ن.]، سه‌پاندنی دۆزه‌نه و سیسته‌می تاوان و سزا به ناوی دادپه‌روه‌رییه‌وه له گشت وڵاتانی به حیساب (شارستانی)ـدا.
ئانارشیسته‌کان ده‌ڵێن نه حکوومه‌تگه‌لی سه‌رمایه‌داری و نه ڕژێمگه‌لی سۆسیالیستی، هیچ کامێکیان نه‌یانتوانیوه دیمۆکراسی بچه‌سپێنن که‌چی هه‌ر دووکیان به‌ڵێنی چه‌سپاندنی دیموکراسییان دابوو. گه‌وهه‌ری دیمۆکراسی ئه‌وه‌یه کابرا ده‌ستی به سه‌ر ژینی خۆیدا بشکێت و خۆی به‌رنامه‌ی ژینی ڕۆژانه‌ی خۆی دا بڕێژێت که‌چی له ئه‌مه‌ریکای سه‌رمایه‌داریدا دۆزه‌نه‌ی سێ گۆشه‌ی (سیاسه‌ت و پێشه‌سازی و سه‌ربازی) ڕه‌وتی ژیانی خه‌ڵک دیاری ده‌کات و له وڵاتانی سۆسیالیستیش به تایبه‌تی له یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی جاراندا خه‌ڵک به بێ پرسی حیزبه‌وه نه‌یانده‌توانی بجووڵێنه‌وه؛ (میلان کوندێرا). ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ر دوو دوو لا به سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیستییه‌وه به رواڵه‌ت ده‌نگی خه‌ڵکیان زۆر به لاوه گرنگه و له هه‌ر دوو وڵات‌دا به هه‌راوهووریاوه پرس به خه‌ڵک ده‌که‌ن و گه‌له‌ڕاوێژ و هه‌ڵبژاردن ڕێک ده‌خه‌ن. (ده‌نگ)ـی خه‌ڵكی وڵاتانی پێشکه‌وتوو نه‌ختینه‌ی دنیای سیاسه‌ته هه‌ر وه‌ک چۆن پاره، نه‌ختینه‌ی ئابوورییه؛ هه‌ر دووکیان وه‌ها خه‌ڵک چاوبه‌ست ده‌که‌ن که هه‌ر ئاگایشیان لێ نییه که ئه‌م هه‌موو فڕ و فێڵه بۆ ئه‌وه‌یه که که‌مینه‌یه‌کی بچووک ده‌ست به سه‌ر ژیانی زۆرینه‌یه‌کی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگه‌دا بگرن و به‌ره‌و هه‌ر لایه‌ک که بیانه‌وێت ڕایان بکێشن. حکوومه‌تی تاکه حیزبی و دووحیزبه ته‌وفیرێکی وه‌های نییه؛ ئه‌مه‌ریکا گوایه وڵاتێکی دوو حیزبه‌یه به‌ڵام به ڕاستی به‌رنامه‌کانی ئه‌م دوو حیزبه به ڕواڵه‌ت جیاوازه چه‌نده له یه‌ک جیاوازه؟
ئانارشیسته‌کان پێیان وایه که چه‌مکی (ته‌کووز و یاسا)، فێڵێکی گه‌وره‌ی ڕۆژگاره؛ یاسا، ناتوانێت ئه‌و ته‌کووزه‌ی که ئانارشیسته‌کان باسی لێوه ده‌که‌ن بچه‌سپێنێت و ژیانی هاووڵاتیان ڕێک بخات؛ باشترین واتای ته‌کووز به لای ئانارشیخوازانه‌وه ته‌کوزێکه وا له ناخی مرۆڤه‌وه هه‌ڵ قوڵێت و کابرا، خۆی هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تی بکات و ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی جێبه‌جێ بکات و بیقه‌دێنێت. له ژێر سای حکوومه‌تدا خراپه‌کاران له ترسی زیندان و سزادا کێشه نانێنه‌وه؛ یاسا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ دێت که به زۆری نه‌یزه و هه‌ڕه‌شه و زیندانه‌وه ئه‌و که‌سانه چاوترسێن بکات که بارودۆخی خراپ و نه‌ساخی کۆمه‌ڵگه، فێری خراپه‌ی کردبوون. یاسا ڕه‌نگه، ته‌کووزێکی زۆره‌ملێ بسه‌پێنێت به‌ڵام ئاخۆ ته‌کووزێکی له‌و چه‌شنه ده‌توانێ ناخی مرۆڤه‌کان ڕێک بخاته‌وه؟
ژیار و شارستانیه‌تی نوێی ڕۆژگار به حکوومه‌تی یاسا و دێوزمه‌ی زه‌به‌لاحی پیشه‌سازی و نوێنه‌رانی په‌رله‌مانه‌کانییه‌وه، چ ده‌ردێکی کۆمه‌ڵگه‌یان ده‌رمان کردووه؟ په‌له‌پیته‌که‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی مووشه‌کگه‌لی ناوه‌کی به پلتۆکێکه‌که‌وه به‌نده و به چرکه ساتێک ده‌توانن دنیا خاپوور و کاول بکه‌ن که‌چی خه‌ڵكی خوێنه‌وار و تێر که هه‌میشه‌یش ئاماده‌یه په‌نجه‌مۆره‌که‌ی بنێت و جێ پێ ده‌سه‌ڵاتداران قایمتر بکات ده‌ڵێی له گوێی گادا نووستوون و ئاگایان له ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رزاڵ و شێتی دنیا نییه. کارنامه‌ی شارستانیه‌ت و ژیاری سه‌رده‌می خۆمان له دوو ڕووه‌وه ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه؛
1. سامانه سرووشتییه‌کانی زه‌وینی به‌تره‌ف کردووه و فه‌وتاندوونی؛ ئه‌و سامانه‌ی که ده‌بوایه ژین و شادیمانی به هه‌ر هه‌موومان ببه‌خشیبایه.
2. به‌هره و توانای مرۆڤه‌کانی کوشتووه؛ خه‌ڵک وه‌ها له ناو ژیاری نوێ‌دا تواونه‌ته‌وه که به ئێجگاری له ده‌ست ده‌ر چووگن و ئیتر نه توانای داهێنانیان ماوه و نه ده‌توانن هه‌نگاوێکی خه‌یر بنێن و یه‌کتریان خۆش بوێت.
گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م دوو ده‌رده گرانه چاره بکه‌ین و دیسانه‌وه تواناکانی سرووشت و مرۆڤ کارا بکه‌ینه‌وه ده‌بێ به‌ره‌ی نوێ و ڕۆڵه‌کانمان له که‌شوهه‌وایه‌کی پڕ له سۆز و به‌زه‌یی و هونه‌ردا، په‌روه‌رده بکه‌ین. ئێمه مانان په‌روه‌رده‌ی که‌شوهه‌وای سیاسه‌تین. (هێربێرت ڕید) له کتێبی (هونه‌ر و نامۆیی)ـدا له‌باره‌ی مرۆڤی په‌روه‌رده‌ی دنیای سیاسه‌ته‌وه ئاوه‌های نووسیوه؛
"گه‌ر بێت و به جوانی پێنج هشه‌کی ئاده‌میزاێک (له بینین و بیستن و چه‌شتنه‌وه بگره هه‌تا ساوایی و بیهنۆکی) په‌روه‌رده نه‌کرێت ئه‌وا کابرایه‌کی لێ ده‌ر ده‌چێت که شایانی ئه‌وه‌ی نییه که وه‌ک مرۆڤێک سه‌یر بکرێت؛ ڕاسته دوو چاوی تێژ و دوو گوێی سووکی هه‌یه به‌ڵام کوێره‌وه‌رێکی که‌ڕه‌واڵه‌یه [و جوانی و دزێوی له یه‌کتر جیا ناکاته‌وه و ئاوه‌زیانی به سه‌ر چاکه و خراپه‌دا ناشکێت.] و تاقانه هیوایه‌تی توندوتیژی و تووڕه‌ییه؛ چاوی ساخه به‌ڵام کوێرایی داهاتووه، گوێچکه‌ی خاوێنه به‌ڵام گران دا گه‌ڕاوه، لووت و که‌پوی پاکه به‌ڵام له بۆنی خوێنی ئاده‌میزاده نه‌بێت هیچ بۆنێکیتر به که‌پۆیدا نایه‌ت، ساوانی له‌شی له ئاست برینه‌کانی خۆی نه‌بێت که یه‌کسه‌ر به ژان ده‌که‌وێت ده‌ڵێی به‌رده، زبانی مرۆڤئاسایه به‌ڵام به خوێن نه‌بێت تینوویه‌تی ناشکێت؛ که‌واته کابرایه‌کی کوێره‌وه‌ری که‌ڕه‌واله به کوشتن و بڕین و ژاوه‌ژاوه و گرمه‌گرمه‌وه نه‌بێت کوا هه‌ست و هشه‌کی ده‌جووڵێت. ئاوه‌ها ئاده‌میزادێک به ژاوه‌ژاوی هه‌وشه‌نگ و یاریگه وه‌ڕزشییه‌کان و ته‌لارگه‌لی پڕده‌نگه‌ده‌نگی هه‌ڵپه‌ڕکێ و شاشه‌ی پڕ له گه‌نه‌کاری و تاوان و خوێنڕشتن و قوماربازی و هه‌ڵمژین و خواردنی به‌نگه‌مه‌نییه‌کانه‌وه نه‌بێت به هیچی دیکه تێر نابێت."
داخه‌که‌م بۆ پرۆسه و فه‌رازووی کامڵ‌بوون و گوورانی مرۆڤ! یه‌ک ملیارد ساڵی خایاند تا مرۆڤی سه‌ره‌تایی توانی به بێ ئه‌وه‌ی که سرووشتی دنیا تێک بدات، سامانه سرووشتییه‌کانی دنیا به کار بهێنێت به‌ڵام ئاخۆ حاڵی ئه‌مڕۆی مرۆڤ چۆنه؟ وادیاره که پێویسته به هه‌موو بواره‌کانی ژیانماندا له شێوازی کار و شێوه‌ی بڕیاردان و په‌یوه‌ندیی زایه‌ندی و خێزانییه‌وه بگره هه‌تا شێوازی بیرکردنه‌وه و فه‌رهه‌نگیماندا بچینه‌وه و شۆڕشێک به‌ر پا بکه‌ین، به‌ڵام شۆڕشی ناخ به ئامێر و ئامرازی باوی جارانه‌وه سه‌ر ناگرێت؛ ئه‌و شۆڕشه، نه له ڕێگه‌ی تفه‌نگ و چه‌کدارییه‌وه سه‌ر ده‌گرێت که هه‌ندێ له توندڕۆیانی نه‌ریتخواز بڕوایان پێ هه‌یه و نه به ڕه‌وتێکی چاکسازیی هێمنانه و نه‌یش له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه سه‌ر ده‌که‌وێت که ئازادیخوازانی نه‌ریتخواز بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن؛ کێشه چاره‌نه‌کراوه‌کانی دنیای ئه‌مڕۆ نیشانه‌ی ناکارابوونی ئه‌و دوو ڕه‌وته‌یه.
ئانارشیسته‌کان هه‌میشه تاوانبار کراون به‌وه‌ی که گوایه حه‌زیان له ئاژاوه و زه‌بر و زه‌نگه به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و تۆمه‌تانه له لایه‌ن ئه‌و حکوومه‌تانه‌وه ئاراسته‌ی ئانارشیسته‌کان ده‌کرێت که خۆیان به زۆره‌ملێ ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه گرتووه و هه‌ر به زه‌بر و زه‌نگیشه‌وه ده‌یپارێزن و به‌رده‌وام به زۆر وڵاتانی دیکه‌یش داگیر و تاڵان ده‌که‌ن. هه‌ندێ له ئانارشیسته‌کان وه‌کوو شۆڕشگێڕانی دیکه‌ی دنیا له ئه‌مه‌ریکایی و فه‌ڕه‌نساییه‌وه بگره هه‌تا ڕووسی و چینی بڕوایان وابووه که گه‌ر زۆر نه‌بێ قه‌واڵه به‌تاڵه واته گوتوویانه شۆڕش به زۆر نه‌بێ سه‌ر ناکه‌وێت. هه‌ندێکی دیکه‌یان هه‌ر وه‌ک بڕێک له شۆڕشگێران له‌وانه بناژۆخوازان، سڵیان له ڕه‌شکوژی و تۆقاندن و کوشتن و بڕین نه‌کردووه‌ته‌وه یاخود هیچ نه‌بێ ڕێگه‌یان پێ داوه به‌ڵام ئه‌و بیروباوه‌ڕه که ئانارشیسته‌کان له داروده‌سته‌گه‌لی دیکه جیا ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی ئانارشیسته‌کان پێیان وایه که شۆڕش بیروباوه‌ڕێکی فه‌رهه‌نگی و داهێنه‌رانه‌یه که ڕه‌نگه تێکه‌ڵ به توندوتیژیشه‌وه ببێت هه‌روه‌ک چۆن کاتێ منداڵێک له دایک ده‌بێت دایکه‌که‌ی ژان ده‌یگرێت و ڕه‌نگه هاوار و داد و بێدادیش بکات و منداڵه (نۆزاد)ـه‌که‌یشی بگریێت. ڕه‌نگه گه‌ر بێت و ده‌سه‌ڵاتداران سنگیان بۆ وه‌رگرتنی په‌یامی شۆڕش واڵا نه‌که‌ن و کۆڵ نه‌ده‌ن، توندوتیژیش ڕوو بدات به‌ڵام شۆڕشگێڕان هه‌تا پێیان ده‌کرێت ده‌بێت ئاگری توندوتیژی سارد بکه‌نه‌وه.
کاکه (ئه‌لیکساندێر بێرکمه‌ن) که له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاریدا هه‌وڵی کوشتنی کارگه‌دارێکی ئه‌مه‌ریکایی دا بوو، له ته‌مه‌نی ئاوه‌زیانی خۆیدا له کتێبی (ئه‌لفوبێی ئانارشیزم)ـدا له‌باره‌ی توندوتیژی و شۆڕشه‌وه نووسیویه‌تی؛
"به ڕاستی ده‌بێ چ شتێک له ناو ببه‌ین؟
دارایی و سامانی ده‌وڵه‌مه‌ندان؟نه‌خێر. سه‌روه‌ت و سامان بۆ خزمه‌تی هه‌مووان پێویسته.
باخ و بێستان؟ گه‌نمه‌جاڕ؟ کانگه‌ی خه‌ڵووز و هێڵی ئاسنین یاخود کارگه و دووکانه‌کان تێک بده‌ین؟ نه‌خێر، ئه‌مانه هه‌ر هه‌موویان با خزمه‌تی خه‌ڵک بکه‌ن بۆچی تێک بدرێن!
تاوه‌ری کاره‌با و مۆبایل یاخود ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن تێک بشکێنین؟ نه‌خێر ئه‌مانه‌یش هه‌ر هه‌موویان بۆ خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵک پێویسته.
که‌واته شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به چ که‌ڵک دێت گه‌ر چوار شت نه‌شکێنێت و نه‌گۆڕێت؟ شۆڕش هیچ شتێک تێک نادات له‌وه نه‌بێ که وای لێ ده‌کات خزمه‌تی خه‌ڵك بکات و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی دابین بکات. شۆڕشگێڕان ته‌نیا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌که‌ن."
شۆڕشی ڕاسته‌قینه هه‌رگیز به زۆری چه‌ک و سه‌رنێزه سه‌ر ناگرێت؛ شۆڕشی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌بێ ده‌مێک پێشتر له گۆڕانی کۆڵه‌که‌کانی کۆمه‌ڵگه له ناو مێشک و هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵکدا ڕوو بدات. شۆڕش تاقه کارێک نییه که به ڕۆژێک و دووان ته‌واو ببێت به‌ڵکه ڕه‌وتێکی درێژخایه‌نه. (بێرکمه‌ن) بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌ڵێت؛ "ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئازادیی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن، [پێش هه‌موو شتێک] ده‌بێ که‌س ملکه‌چی خۆمان نه‌که‌ین و به زۆر و زۆرداری هیچ که‌سێک ناچار به هیچ کارێک نه‌که‌ین. گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئۆقره و ئاشتی باڵ به سه‌رتاندا بکێشێت ده‌بێ ده‌ستی برایه‌تی [و سۆز و به‌زه‌یی] به سه‌ری خه‌ڵکدا بهێنن و ڕێزی یه‌کتر بگرن. گه‌ر ده‌تانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندیی دوو لایه‌نه ده‌سته‌به‌ر ببێت، ده‌بێ یارمه‌تیی یه‌کتر بده‌ن و پشتی یه‌کدی به‌ر نه‌ده‌ن. شۆڕشی ڕاسته‌قینه زۆر له ڕێکخستنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی بارودۆخی کۆمه‌ڵگه به‌رفراوانتره؛ شۆڕشی ڕاسته‌قینه پێوه‌ر و بایه‌خی شته‌کان ده‌گۆڕێت؛ وا له خه‌ڵک ده‌کات که به شێوه‌یه‌کیتره‌وه سه‌یری یه‌کتر بکه‌ن؛ شێوازی په‌یوه‌ندییه‌کانی ناو خه‌ڵک ده‌گۆڕێت. شۆڕش گیانێکی نوێ به به‌ری تاک و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کات و ئه‌م کاره‌یش به یه‌ک شه‌و و دوو شه‌و ڕێک ناکه‌وێت. پێشوه‌خته ده‌بێت له زه‌وینی ناخی هاووڵاتیاندا بچێندرێت و ورده‌ورده په‌روه‌رده بکرێت... پێش ئه‌وه‌ی که شۆڕش سه‌ر هه‌ڵبدات ئێمه ده‌بێ شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی خۆمان گۆڕیبێت ئه‌گه‌ر نا شۆڕشی چی، گۆڕانی چی؟ [به واتایه‌کیتر هه‌تا شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی خۆمان نه‌گۆڕیبێت هیچ شۆڕشێک ڕوو نادات.]"
ئانارشیسته‌کان ده‌ڵێن گه‌ر مرۆڤ بییه‌وێت له ناخی خۆیدا شۆڕشێک به‌ر پا بکات یه‌کسه‌ر ده‌توانێت به گژی خۆیدا بچێته‌وه و ده‌ست له دڕنده‌خوویی و تووڕه‌یی بشواته‌وه؛ پیاوان ده‌ست له چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان هه‌ڵگرن و دایک و باوکان چیتر ڕۆڵه‌کانیان نه‌تۆقێنن و کارفه‌رمایانیش چیتر خوێنی کرێکارانی هه‌ژار هه‌ڵ نه‌مژن. ئه‌م کاره شۆڕشێکی چه‌کدارانه نییه که حکوومه‌ت بتوانێت دای بمرکێنێته‌وه. شۆڕشگێڕان شوێنێکی تایبه‌تیان نییه که په‌لاماری بده‌ن؛ ئه‌م شۆڕشه ڕاچه‌ڵه‌کاندنه‌وه‌ی دڵه‌کانه.
(هێربێرت ڕید) له شوێنێکی دیکه‌ی کتێبی (فه‌رهه‌نگی چی؟ خوا بیبڕێته‌وه!)ـی خۆیدا نووسیویه‌تی؛ "ئیتر له چه‌شنی جاران ده‌ستمان ئاوه‌ڵا نییه؛ خاوه‌نداریه‌تی هه‌رامه‌یه‌کی پیرۆزه و ئێستا هه‌تا بڵێی مڵک و زه‌وی و زار قیمه‌تی باش ده‌که‌ن و زۆر گرانه، [که‌واته] ده‌بێ [خوا شوکر بکه‌ین ئه‌گه‌ر] خانوویه‌کی کونه‌گورگئاسامان ده‌ست بکه‌وێت... ئه‌وه‌ی ده‌یکڕین ده‌بێ به نیازی قازانج بیفرۆشینه‌وه و ده‌بێ هه‌میشه ڕه‌چاوی سوودی فرۆشتنه‌وه بکه‌ین. فه‌رهه‌نگی سه‌رمایه‌داری ڕووکه‌شێکی بریقه‌داره که ناوه‌رۆکی ڕزیو و گه‌نیوی شته‌کان ده‌شارێته‌وه. خوا بیبڕێته‌وه بۆ خۆمان و فه‌رهه‌نگمان! هه‌ی ئافه‌رین به شۆڕشی دیمۆکراتی! ده وه‌رن با چوار شاری بچووک به‌ڵام دڵگیر و پڕدار و دره‌خت دروست بکه‌ین؛ با شه‌قامه‌کانی پان و به‌رین و هاتوچۆ به ناویاندا ئاسان بێت و منداڵانه‌کانمان پڕ به دڵی خۆیان له ناو خاک و چیمه‌نی باخچه‌کانیدا خۆیان هه‌ڵ بخورتێنن. وه‌رن با پارسه‌نگیی نێوان کشتوکاڵ و پیشه‌سازی، هاوسه‌نگیی نێوان شار و دێ ڕێک بخه‌ینه‌وه و بایه‌خی پێویست به هه‌ر هه‌موویان بده‌ین و چیتر گونده‌کان پشت گوێ نه‌خه‌ین و هه‌ر کاتێ که ئه‌م کاره سه‌ره‌تایی و ئاوه‌زپه‌سندانه‌مان کرد ئینجا با باسی فه‌رهه‌نگیش بکه‌ین."

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر